تاڤگەی زاڵم زەڵم، تاڤگەی زاڵم زەڵم
گریەی چاوی چەرخ پڕ لە ناڵەو تەم
زادەی جەرگی کێو، مەوجودی عەدەم
دێوانە ئاسا شەیدای روو لە چەم
سەر لە بەرد ئەدەی تۆش بە سەودای شەم
سرەوتت نیە لەناڵە یەک دەم
لەو کێوە بەرزە ئەکەویە خوارێ
ریزە مرواریت لەدەم ئەبارێ
دیارە عاشقی وا ناڵە کاری
سەحرا نەوەردی پەی جۆیی یاری
پەروانە بەسۆز خۆی دەسووتێنێ
ئاوی ساردی تۆ جیهان ئەژێنێ
ئەم سەر لەبەرد و ئەم هەڵپژانەت
(یاهو یا من هو)ی قودسی تەرانەت
بۆ زیندەگانی شارەزوورمانە
ئاخ میللەتەکەت قەدر نەزانە
باخ و بێستانت لەبەرا ناکەن
تا بەو سایەوە وڵات ئاواکەن
ئەگەر گشت کێڵگەی داچێنرێ دەڵێن
فیرعەونی خاکی میسری پێ ئەڵێن
ئەگەر شارەزوور پیت و ئاوابێ
رۆژی شەطی میسر ئەبێ ئاوابێ
خۆرنەوەزانی شای خان ئەحمەد خان
بوبوە نموونەی ئیرەمی جیهان
ئێستا ئەو شوێنە کەوا وێرانە
بۆ چاوی هیوام بووە بە تانە