ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد شیعری وەسفی
٢. یادی نازدارانی جاف
پۆڕە جوانەکەی دەوری زەردیان
ئای بۆ کناچەت دەمی بەر بەیان
کاتێ سپێدەی سەحەر دەرکەوێ
پێشخانەی شەفەق لە کەژ سەرکەوێ
دەمی بێداری کە دەستی مریەم
قۆناغەی عیسا ئەشوا لەسەر چەم
ئاوی زیندەگی دێتە زەمزەمە
ئەبێ بە زەمزەم ئاوی ئەو چەمە
زەڵم و تانجەرۆ دەست لەملان بن
سەرپۆپەی گوڵان جێی بولبولان بن
دەنگی کناچەی بەرز و سەر ئازاد
دەنگ بداتەوە وەک دەنگی سییاد
لە کەناری زەڵم، ئەو سەوزە گیایە
تۆوی کەنیشکی جافی تێدایە
تۆ بە کناچەو لەنجەو لارەوە
من بە چاوێکی فرمێسک بارەوە
بەرامبەر بە یەک هەردوو بناڵین
هەردوکمان وەک یەک بۆ یار عەوداڵین
شێوەی ئەو سنگە جەودانەی سەد تەرز
لە سینەی مندا شیوەن بکا بەرز
گوێم لە دەنگت بێ بەیادی جاران
کوا ماڵە گەورەو پۆلی نازداران
منیش بە فەردی مەولەویەوە
بە هۆرەی گولبانگ پەهلەویەوە
(بە شینی تیپی نازدارانی جاف
دووکەڵی ئاهم پڕکا سەمای ساف
وەک چەهرەی خەیاڵ روخسارەکەی خۆی
لە پەردەی دڵەی پڕ لە ئاخ و ئۆی
پرشەی رووی دەرکەوت شای سوسەن خاڵان
کەم کەم لە گۆشەی لای سیاماڵان)
لە توێی تاریکی شەدەی بێگەردا
وەک ئاوی حەیات شەپۆلی ئەدا
ئێستا لە شوێنی ئەو عیشوەو نازە
بایەقوش لەگەڵ تۆدا هاوڕازە
ئێلی جاف رێگای کوردستانیان نیە
نازانم فەلەک مەیلی بە چیە؟ !
ئومێدم وایە هەر بەم زووانە
ئێلات بچنەوە بۆ ئەو کوێستانە
وەلی دێوانە ویستی لە یەزدان
کە رێی شەم نەبێ بچێت بۆ کوێستان
ئەوسایە دوعای ئەو گیرا ببوو
ئێستا بازاڕی وەلی بەسەرچوو
جێنشینی ئەو منم ئەمەوێ
ئێل بۆ هەوارگەی کوێستان سەرکەوێ

پەراوێز edit