دواوانەکەی شوێن ماڵە گەورە
سەرەو خوار ئەڕۆی بە پێچ و دەورە
تۆ بە روناکی وێنەی بلوری
ئاوی زیندەگی گشت شارەزووری
ئەناڵم ئەڵێم: تۆ وەک ئاوێنەی
بۆ شوێن دەستکردی کردگار وێنەی
بۆچ پێم نانوێنی وێنەی فۆتۆغراف
وێنەی شیرینی نازدارانی جاف
نموونەی دەستی پەروەردگار بوون
بەدەوری تۆدا گوڵی بەهار بوون
بەشەدەی لارو کراسی کەتان
وەک مانگ (کەتان)ی جەرگیان ئەسووتان
وەک مانگ بە شەدەی تاریکی دەیجوور
بورجی رەشماڵیان پڕ ئەکرد لە نوور
شەوێ مانگە شەو ئاوایی خەوتن
لەدوای سرەوتن کاتێ تێکەوتن
ئەو لەش و لارە بە شڵپەی مەلە
دڵی دڵداریان ئەخستە پەلە
ئای بۆ (پەری خان) نازداری جافان
ئاهووی زەڕباهووی عەنبەر کڵافان
ماڵە بەگزادەو سیڕەی سەماوەر
رووی ئەو روبارەی وا ئەگرتە بەر
دەنگی نەکیسا و بەزمی خوسرەوی
لای مەحمودپاشا ئەکەوتە نەوی
ئاوازی سەقر و باز و باڵەبان
حیلەی ماینی جنسی کەحیلان
ئەمانە هەمووی خوا دابووی بە جاف
حوکمدارێک بوون بێ لاف و گەزاف
لەم دواییەدا خۆ (ناهیدە خان)
شا خانمێک بوو بەلاو دیوەخان
شوێنی دوو پاشای پڕ کردبۆوە
گرەوی لە روحی چەرخ بردبۆوە
توخوا ئاوەکەی بۆن گوڵاوەکە
بۆ سەرچاوەکە کەمێ لاوەکە
بڕوانم ئاخۆ جامی فۆتۆگراف
نیشانم نادات شێوەی ئێلی جاف
نەء!! ئەو دەبدەبەو سەر ئەو سەر ئاوە
ئێستا ئەفسانەو نەخشی سەر ئاوە
ئەم دڕک و داڵە و ئەم قەل و داڵە
ماونەوە لە شوێن ئەو گەورە ماڵە
نازداران بوونە ماسی دواوان
بە بۆمبای راوکەر کەوتنە سەر ئاوان
لە تاوەی جەوری چەرخی چەپگەردا
ئەوان ئەسووتێن منیش لە هەردا
وێڵ و ئاوارەی ئێڵی مورادیم
نزیک لە مەرگم دووریش لە شادیم
بۆ بازی موراد هەر (قەیسەر قوومە)
بەختم شوومەو باز کەوتە وەیشوومە
من بۆ ئێڵ ئەگریم مات و دڵ خەستە
رستی خێوەتی بەگزادە (ریستە)
لەشوێن سەر مەلا و (الله اکبر)
(کاری) کار ئەکا و (ستریت بە جۆکەر)
ئێستاکە رێی کۆچ گوشادەو ئاسان
کوا سەرئێڵ کۆچی لێخوڕی بۆ کوێستان