ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد شیعری وەسفی
١٧. بەهاری ڕوو زەرد
بەهاری ڕوو زەرد، بەهاری ڕوو زەرد
منیشی خستە کەژ و کێو و هەرد

ڕەنگ زەرد و سەر شین دەروون پڕ لە دەرد
بۆ عالەم شادی، بۆ من ئاهی سەرد

جەرگم لەت‌لەتە وەک هێڵی ناو وەرد
ئاخ بۆ دڵسۆزێک بۆم بێ بە هاودەرد

ڕەنگ هەڵبژێرێ لە شێوەی بەهار
لەو ڕەنگە خۆش بێ لای دڵەی غەمبار

لە گوڵەزەرد ڕەنگ، لە گوڵ نەورۆز داخ
لە شەونم فرمێسک، لە تەمی چەم ئاخ

لە وەنەوشە شین، لە نێرگز خومار
لە گوڵاڵە خوێن، دیدەی شەوبێدار

لە خونچە پەیکان، لە سۆسەن خارێ
دڵ بریندار کا لە دووری یارێ

من لە دووری ئێڵ جەرگم خوێنین بێ
چەند خۆشە برین لە سەر برین بێ

ئەگەڕێم بە شوێن دەردەدارێکا
کەس‌وکار کوژراو، دڵ زامارێکا

وەک تاق‌تاقکەرە تا دەمی بەیان
ناڵە ناڵمە لەسەر کەلی‌خان

لافاوی فرمێسک لە دووری یاران
سەرە و خوار ئەڕوا وەک لێزمەی باران
دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی: محەممەد ڕەسوول هاوار، لاپەڕە ٢٠٧.
پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، بەرگی یەکەم، لاپەڕە ٢٦٠.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit