ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد شیعری وەسفی
١٥. لەناو رەزانا
لەناو رەزانا، لەناو رەزانا
ئەگەڕام بەناو رستی مێوانا
مێوم دی لە توێی شیوی عوریانا
گرژ بوو بوو لەناو گەڵاڕێزانا
وەختێ بەوەرزی تەرزی خۆش تەرزی
سەری بەرز ئەکرد بە بەرگی سەوزی
هێشووی مرواری گەردنی بەرزی
بەبای غروری شۆخی ئەلەرزی
تیف تیفەی ئەدا نم نمەی باران
بۆ تامە تامەی گرۆی مەی خواران
گەڵای بۆ خەنەی زوڵفی نازداران
ترێکەی ئەبوو بە دیاری یاران
ئێستا بێ بەرو بێ سەر و سامان
رەنگ زەردی وەرەم سەر تا بەدامان
بە شنۆی خەزان وێنەی نەمامان
ئەلەرزێتەوە ئامان سەد ئامان
پرسیم ئەی هەڵەم، دانەت بێ هەڵەم
بۆچ رەنگ زەرد هەڵگەڕای بە دەردی وەرەم؟
شەراب لە میوەی تۆ دێتە بەرهەم
ئەبێ بە شفای پەژارە و ئەلەم
توخوا پێم بڵێ، چییە ئەم دەردە؟
ئەم پەشێویە و ئەم رەنگە زەردە؟
ئەم بێ رەنگیە، بەم قەوزەی سەردە؟
ئەم مەلوولیە وەک ئازیز مەردە
وتی: لێم گەڕێ، دەروون لە غەم کەیل
منیش وێنەی تۆ کەوتمە سەودای لەیل
عاشق بووم بەڕووی ئەستێرەی سیوەیل
شۆڕی کەوتبووە دڵەکەی پڕ مەیل
پرشنگی جەوری هەڵی قرچاندم
سەودای دڵداری جەرگی سووتاندم
دوایی بێ مەیلی خۆی پێ نواندم
بای بێ وەفایی هەڵی وەراندم
وەسیەتی من بێ، جوانت خۆش نەوێ
کێ دیویە وەفا لای جوان دەسکەوێ
گیرۆدەت ئەکا بە تەنها شەوێ
لەپڕ وەک ئاسکی سڵ لێت ئەڕەوێ
ئێستا وەک جوانان رۆڵەی زەمانە
کەمەندت ئەکەن بە گیانە گیانە
بۆ ئیش پێڵاوت لەسەر چاوانە
کە ئیشیان نەما دەردت گرانە

پەراوێز edit