ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد شیعری وەسفی
١٤. پایزی دڵتەنگ
پایز دڵتەنگە، پایز دڵتەنگە
هەوری نوێی پایز زویرو دڵتەنگە
رەشەبا لێمان بەژار و ژەنگە
گەڵاڕێزانە گوڵ ئاڵتوون رەنگە
شتاوان وەک مار لە دەشت پێچ ئەخۆن
وەک سەودا کاران شێت و سەرەڕۆن
تەم بە بەرگی شین سەرکێوی پۆشی
بولبول خزایە لانەی خامۆشی
خەڵووزە گەڵای بێستانی سووتان
گەلاوێژ بەرگی هەتیوی دڕان
کچە کورد بەڕیز بە بەرزانەوە
بەلەرز ئەلەرزان بە بەرزانەوە
مناڵان سەریان کەوتە ژێر قۆچکە
هۆمان کەوتۆتە بەر بڕۆچکە
ئەمان ڕوانیە رۆژ بە رووی ساردەوە
ئێستا پێویستە وا خۆی شاردەوە
قاز و قوڵنگان هاتنە خوارەوە
قیژو هووڕیانە بەسەر شارەوە
شەوگار درێژ بوو بۆ ناڵەی غەمگین
زستان ستەمە بەبێ دڵدار ژین
یارم بە ئاشتی دەڵێن دێتەوە
بەختە بنوو با نەسڵەمێتەوە
گشت هاواریانە لە بەختی نوستوو
من هاوار ئەکەم بەختە زوو بنوو
خاڵانەی ئەوەی وتم چاوکاڵان
تا چاوکاڵ ژینی بردم بەتاڵان

پەراوێز edit