ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد بەشی شیعری ویژدانی
٥. په‌نده‌کانی پێشینیان [به‌شی ٤]
ڕا مەکە لە دوای کاری پڕوپووچ
هەڵ نەخلیسکێی لە پڕ لینگە و قووچ

ئەوی بە چاکەی خۆی خۆشیان ئەوێ
دەستگیری زۆرە ئەگەر بشکەوێ

ئەوەی ئەخوێنێ و ئەیهێنێتە کار
ئەبێ بە چرا بۆ ڕووناکی شار

هەندێکی واش هەن چرا وەکوژێنن
'جووتە' ئەهاون، کاسە ئەڕژێنن

بەرچاو و پێڵاو هەردووکیان تەنگ بێ
ئەبێ پێی دڵ و پێی ڕۆیین لەنگ بێ

ناوەجاخ بێنە بیخەرە سەر کار
لە پێشدا برای خۆی ئەدا لە دار

گوێی ڕاستت سووک بێ بۆ چاکە بیستن
گوێی چەپت کەڕ بێ لە فیت هەڵبەستن

قسەی چاک زەحمەت ئەگاتە جێی خۆی
واتەی بەد زۆر کەس پۆستەچییە بۆی

پاشه‌کەوتی جۆ بە کەم مەژمێرە
خواردنی چوارپێ و دووپێیە لێرە

دووپێ بە چوارپێ ئەڵێ ڕووبەڕوو
نوخشە بێ لە تۆش نوخشەمان دەرچوو
دیوانی پیره‌مێرد، پێداچوونه‌وه‌ی: محه‌ممه‌د ڕه‌سووڵ (هاوار)، لاپه‌ڕه ٢١٦.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit