ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
بەهار هات و دەردێ ئەبینم لە گوڵدا
ئەویش وه‌ها دیارە گرێی وا لە دڵدا

ئەزانێ کە وا پێنج و دوو ڕۆژە دەوری
کە باوی نەما، نامێنێ کەس لە دەوری

کە ڕازاندیەوە سەرلەنوێ دەستی یەزدان
هەموو خەڵک بە ئاواتەوەن بۆی بەیانیان

بە ناڵە و نزان، بولبول داخ لەدڵ بۆی
وەک مشتوماڵ ژەنگی دڵ نایەڵێ بۆی

بەرۆکی جوانان دەست و سەرە جێی
بەڵێ که خوا دای کێ دەڵێ: کوڕی کێی؟

کە زادەی چقڵ، ڕەنگ و بۆی جوانی وا بێ
ئەبێ ڕەنجی شەوگاری بولبول بە با بێ

لە دوای ئا ئەم خۆشەویستیە کوتوپڕ
کە هەڵیان بچڕکان و کەوتە سەر ئاگر

لەگەڵ هەڵمی مەنجەڵ جواناو ئەڕێژێ
بەدەم قوڵپی گریانەوە وا دەبێژێ:

کە بێ بایەخە خۆشەویستی درۆزن
کە تێر بوو دەبینی فڕێی دا سەر و بن

ئەلای دولبەری دڵبەرە بایەخی بێ
مەپندار١ کە وا بۆرەپیاو دایەخی بێ ٢

مەپندار: وا مەزانە.
دایه‌خی بێ: به‌ که‌ڵکی بێ.
دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: ئومێد ئاشنا، به‌رگی دووه‌م، لا‌په‌ڕه‌ ٢٠٨و٢٠٩.
دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: محه‌ممه‌د ڕه‌سوول (هاوار)، لا‌په‌ڕه‌ ٢٣٦.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit