ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
مەولەویم دیبوو ئەوسا کە مابوو
لە تافی پیری ئێستای منا بوو

ئەم چەند شیعرانەی بۆ بەجێ هێشتووم
ئەیکەم بە تاسەی عومری ڕابردووم

وا وادەی گۆپکەی سپی پیریە
گۆپکەی گوڵ دڵگیر ئەم دڵگیریە

شکۆفەی باخچەی پیری سپیە
سەراسەر سەر و سینەم سپیە

بای موویەک تای مووی سپیمی بەبادا
ڕەشەبای پیری جوانی بەبادا

ئاخر بەهاری نەو جوانیمە
ئەوەڵ پایزی زیندەگانیمە

هەناسەم وەک بای گەڵاڕێزانە
تەم و دووی دەروون گەڵاڕێزانە

پەیدا بوو زویر و زاری و دڵگیری
پەی‌دەرپەی غەم و پەژارەی پیری

خەدەنگی باڵام وەک کەمان خەم بوو
ڕوو لە نیشانەی ئەو دنیایەم بوو

ساقی وا پیری لێم بوو بە زنجیر
دەستم داوێنت تەنها تۆی دەستگیر

زووکە بە لەنجەی بێ درەنگەوە
بە ئاڵ و واڵای باڵای شەنگەوە

بە جامی جەمی جەمسەری سەرجەم
ڕەگی ئەندامم تێک بەستە بە هەم

وام گورج کەرەوە بە مەستی جوانی
تازەکاتەوە ئەم پیرەی فانی

پێم بدە تا پێم هێزی پێ پەی کا
بێ وچان پلەی ڕێی مەحشەر تەی کا

ئاخ ڕەشۆل سا تۆش بە قەتارەوە
تا دەمرم خۆتم لێ مەشارەوە
دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی: محەممەد ڕەسوول هاوار، لاپەڕە ٢٤٠و٢٤١.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit