شاعیر: پیرەمێرد کتێب: بەشی شیعری ویژدانی سەرناو: یادی مەولەوی سەبارەت: دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی: محەممەد ڕەسوول هاوار، لاپەڕە ٢٤٠و٢٤١. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی مەولەویم دیبوو ئەوسا کە مابوو لە تافی پیری ئێستای منا بوو ئەم چەند شیعرانەی بۆ بەجێ هێشتووم ئەیکەم بە تاسەی عومری ڕابردووم وا وادەی گۆپکەی سپی پیریە گۆپکەی گوڵ دڵگیر ئەم دڵگیریە شکۆفەی باخچەی پیری سپیە سەراسەر سەر و سینەم سپیە بای موویەک تای مووی سپیمی بەبادا ڕەشەبای پیری جوانی بەبادا ئاخر بەهاری نەو جوانیمە ئەوەڵ پایزی زیندەگانیمە هەناسەم وەک بای گەڵاڕێزانە تەم و دووی دەروون گەڵاڕێزانە پەیدا بوو زویر و زاری و دڵگیری پەی‌دەرپەی غەم و پەژارەی پیری خەدەنگی باڵام وەک کەمان خەم بوو ڕوو لە نیشانەی ئەو دنیایەم بوو ساقی وا پیری لێم بوو بە زنجیر دەستم داوێنت تەنها تۆی دەستگیر زووکە بە لەنجەی بێ درەنگەوە بە ئاڵ و واڵای باڵای شەنگەوە بە جامی جەمی جەمسەری سەرجەم ڕەگی ئەندامم تێک بەستە بە هەم وام گورج کەرەوە بە مەستی جوانی تازەکاتەوە ئەم پیرەی فانی پێم بدە تا پێم هێزی پێ پەی کا بێ وچان پلەی ڕێی مەحشەر تەی کا ئاخ ڕەشۆل سا تۆش بە قەتارەوە تا دەمرم خۆتم لێ مەشارەوە ++++++++++++++++++++++