هەوای هاوینە، هەوای هاوینە
ئەمساڵ هاوینمان زۆر لێ بەقینە
گڕی ئاگری سەبوون بەتینە
بەرگی ئاسمان بۆ ئێمە شینە
فەسڵی گوڵگەشتی باغی پێنجوینە
ئەو سەبوونەمان لە کوێوە بۆ هات؟
بەتینی گەرمی هەڵقرچا وڵات
ئەستێرەی تالع ئەوەی کردە نەهات
بێ شنەو سروەی شەماڵ کش و مات
دڵ بەم گەرمایە کز و غەمگینە
گردەکەی یارە جێی خۆرەتاوە
رێگای سەیرانی نەورۆز بڕاوە
کارێزی شەریف ئاوی نەماوە
ئەرخەوان لق و پۆپی شکاوە
گردەکەی سەیوان جێی زار و شینە
سا خوایە هەڵکەی کزەی شەماڵێ
هەوای ژەنگی خەم لەدڵ بماڵێ
ئای بۆ دەنگ خۆشێک لەگەڵ شمشاڵێ
بە ئای ئایەوە تێر بۆم بناڵێ
دەردم کاریە و جەرگم برینە
گوڵ بووە بەخار، بولبول پڕ جەخار
بەخەوان کەوتووە لە پەنا حەشار
شاباز تۆری کرد، گلا میرشکار
یەکسەر گرانی کەوتە ناو بازاڕ
کەوتوونە رەواج سڵق و پەڵپینە