من و ئەستێرەکان
ئەستێرە بەرزەکان ئەدرەوشێنەوە بەشەو
وەک من بەداخەوەن، نەسرەوتیان هەیەو نەخەو
چەند ساڵە ئاشنای شەوی بێداری یەکترین
وەک سەرسەرین، شەوێ سەر ناکەینە سەر سەرین
من خوارو ژوور لەدەست چووەکەی بێوڵەت خۆم ئەوان
وەک خێڵی خوارو ژوور کەری کورد: وێڵی ئاسمان
شەو شەونمی ئەوانە چەمەن ئاو ئەخواتەوە
رۆژ هەڵمی ئاوی چاوی منە سەریەخاتەوە
دوێ شەو بەری بەیان بوو ئەگریان بەسەر منا
منیان کەساس ئەبینی لەناو دۆست و دوژمنا
دڵسۆزی وام نەدیبوو، کە بۆم بگری وەک خەشیم
فرمێسکەکەی ئەوان بوو بە ئاونگی تێگەییم
بام راسپارد کە خەفەت بۆچ ئەخۆن ئەوان
وەک ئێمە نین نزیکتری لای بارەگای خوان
جوابیان نووسیبوو بە شەونم لەسەر گیا
تا ئاسمان پریشکی بەدی ئێوە هەڵپژا
ئاهو نزای کوردەکانی شیمال گەییە ئاسمان
بەو دووکەڵی هەناسەیە ئاو دێ لە دیدەمان