ئەم ئاسمانە شینە کەوا بەرگی ماتەمە
تەحلیلی وا کراوە، کە قوبەی غەمە، تەمە
چەرخێکی کۆنە، ماکینەکەی ژەنگی گرتووە
چەوری نەکا بە خوێن پەکی سووڕانی کەوتووە
پیرێژنێکە، هەر شەوەی شوویەک ئەکا بە خەڵق
سووراو بە خوێنی مێردی ئەکا پێی ئەڵێن شەفەق
گوڵگون بە خوێنی عاشقا دێو جامەی فەلەک
چنگی پڵنگی ناوەتە ژێر قاقمی بەڵەک
گاهێ بە خوێنی ئالی نەبی سوور ئەبێ فورات
گاه خوێنی کوردی تێکەڵ ئەبێ دیجلە زیاد ئەکات
سەرداری ئێمە کە لەسەر دار بە پێکەنین
بانگی ئەکرد: بە کوشتنی من، میللەتم ئەژین
ئەم خوێنی کوردە کە وەکو خوێنی سیا وەحشە
خوێنێ نەسێنرێ هەڵدەقوڵێ دائیمە گەشە
بۆ ئێمە لازمە هەموو ساڵێک هەتا دەژین
ئەم رۆژی (24)ی ئایارە بکەین بە شین