گەوهەری تاقانەی، یا زاوەنی تەخت و عەلەم
یا نموونەی جوانی جوانیت، یا بتی یاخو سەنەم
یاخو مانگی چواردەمینی، بۆ سەماواتی حەرەم
«حۆری ڕەوزەی جەنانی، یا گوڵی باگی ئیرەم
ام نجوم العرش ام شمس علی فوق العلم»
پێم وتی: نەمخەیتە داوی تاوی ئەگریجە و برۆت
خستمت تا بوومە کۆیلە و پاسەوانی دەرگە بۆت
گوێت نەدامێ بێوەفا، نەک هەر تەرەت کردم لە خۆت
«ئاخری کوشتت بە هیجران ئاسکەکەی دەرماڵی خۆت
کم ندیت بالنداء لا تقتلی صید الحرم»
ئای کە لێت پاڕامەوە، ئەی گیانی شیرینم نەکەی
من کە پەروانەی سەری تۆم بێ پەروا باڵم نەکەی
بێ پەڕ و باڵت کە کردم حەق نەبوو وام لێ بکەی
«کوشتمت ئەمما لەپاشا پەشیمانی دەبەی
یا حبیبی بعد قتلی لا حصول فی الندم»
ئەو کەسانەی سەرزەنشتی من بکەن زۆر ناکەسن
چونکە پێکراوی ئەوین و دڵ برینارم ئەمن
با بکوژرێم من لە ڕێتا ملکەچ و شادم کە: من
«کوشتن و عەفوت لە لای من هەر دویان هەر وەک یەکن
لو تمنی ترحمی لو تدفنی عین الکرم»
کوشتمت ئەش لێی ڕەقیب و دوژمنم شاد کرد بەجێی
خۆ ئەڵێ پێش کوشتنیش کۆسپی ترم خستۆتە ڕێی
گیانی وێڵم پێم ئەڵێت گەر بێت و بەو یارەت بڵێی
«گەر وەکو عیسا لەپاش مردن بە سەرما ڕابورێی
تجمع العظم الرحیم تحینی بعد العدم»
من وتم: تۆ گیرۆدەی ئەو چاوە جوانانەم بکەی
یا خو سینەی کون کونی ئەو تیری موژگانم بکەی
نەء.. بەڵام ئەتوانی چارەی ئەم هەموو ژانەم بکەی
«وەک تەبیب گەر بێ و عیلاجی ئەم برینانەم بکەی
اعطیک الروح لان تقتله عن حق القدم»
وا لە کونجی ئەزلەتا کەوتووم و دەس بەستەی وەفام
دوور لە خۆشی و خۆشەویستی دڵشکاو و نابەکام
لێت ئەبوورم گیانەکەم ناڵێم وەرە بۆلام بەڵام
«سەد کەمەحزوون و نەخۆشم نامەکەت گەر بێتە لام
یتدفع حزنی ولا یبقی من القلب الم»
گەه نەخۆش و گەه مەلوول و گەه برینارم خوا
خۆم ئەڵێم: هەر مردنە لەم ژینە تاڵەم کارەها
وا لەگەڵ تۆدا ئەڵێم کوردی وتوومە جارەها
«شەرحی دەردی هیجری کوردی قەت نەهاتە ئینتیها
تمت القرطاس، زف الحبر، وانشق القلم»