هاتە سوێ دیسان برینم فیکری جارانت ئەکەم
هەر وەکوو مەجنوون بەدائیم زیکری لەیلانت ئەکەم
جێگەی تیرێ کە لێت دام بوو بە ناسۆری برین
چاوەیەکی خوێنە ئێستاش عەرزی شوکرانت ئەکەم
هەر دوو چاوم کوێر بوو هێند گریام لە هیجرت بێ ڕەحم
هەر نەهاتی وەختە بمرم جان فیدای جانت ئەکەم
ئاخ لە کوێی؟ توخوا ئەوا هەر دوو گلێنەم دەرپەڕی!
هەر دەڵێم ئەمڕۆ و سبەینێ خۆم بەقوربانت ئەکەم
ڕەنگە بێڕەحم و وەفا بی، زانەری حاڵم نەبی!
وا لە خوێنا من ئەگەوزێم نەقڵی قورئانت ئەکەم
بۆ دەوای زەخم و برینم تۆزی خاکت مەڵهەمە
بێت و ڕابووری بە لاما عەبدی دامانت ئەکەم
زەحمەتە تا ڕۆژی مەحشەر ناوی تۆ ون کەم لە دڵ
قەترە فرمێسکی بەجۆگەم خەڵتی سیروانت ئەکەم
مەشریق و مەغریب ئەگەر پڕ کەن لە خونچە و دەستەگوڵ
هەر وەکوو بولبول لە یەک گوڵ شین و قەترانت ئەکەم
یەعنی کەعبەم بێتە بەردەست بەینی تۆ سەد ساڵ ببێ
بۆ تەوافی کەعبەکەت قەتعی بیابانت ئەکەم
بێت و بمری خوانەخواستە مەرگی من پیشت کەوێ
گەر هەزار ساڵ مابێ عومرم خۆم بە میوانت ئەکەم
ڕۆژی ڕاوەستان لە دەشتی مەحشەرا لێت موددەعیم
زوڵمی تۆ خوا حاکمێتی تووشی ناڵانت ئەکەم
من ئەمە ڕەفت و گفتمە ڕەئی ڕەوان و ڕاستمە
باوەڕیش ناکەی حەواڵەی کافرستانت ئەکەم
بۆ ڕەزای خوا و پێغەمبەر زەڕەیەک لوتفت ببێ
تا نەبم دەعواچی قیامت ڕوو بە یەزدانت ئەکەم...
تۆ غەریبی یەک تەبیبی ئەحمەدا وا دەربەدەر
وا لە ئینسانی کە دەرچووی نەقلی حەیوانت ئەکەم