ئەوا قابیز لەسەر سەرمە خودا دامانی کێ بگرم؟
لەبۆ دەرمانی دەردی خۆم دەر و دامانی کێ بگرم
چ ڕاهێکە نەجاتم بێ لە دەس بەختم خوداوەندا
ئەوەندە من کە بەدبەختم قەباحەت خوانی کێ بگرم؟
سیاهی بەختی من وەڵڵا لە ئەرز و ئاسمان دیارە
لە کێ کەم ڕوو؟ بە کێ بڵێم زوو دەردی دوکانی کێ بگرم! ؟
وەگەر من عەشقبازی کەم نەتیجەی نایەتە دەستم
وە یا تەرکی جیهانیش کەم لە دەست فنجانی کێ بگرم
ئەجەل: هاتن بە دەست تۆیە، لە دەس نایە بە عەقڵی کەس
کەسێ لەم شارە شک نابەم بڕۆم شارانی کێ بگرم! ؟
لە بیابان و لە کۆهاندا وەکوو موجنوون و فەرهادە
نەتیجەی نایەتە ئاخر موتیع و فرمانی کێ بگرم! ؟
لە دەشتی بێکەسیدا من سەرم سووڕ ماوە یاڕەبی
ڕووەو قاپیت لەسەر سنگم سەر و سامانی کێ بگرم! ؟