شاعیر: ئەخۆل کتێب: دیوانی ئەخۆل سەرناو: لاڵانەوە ئەوا قابیز لەسەر سەرمە خودا دامانی کێ بگرم؟ لەبۆ دەرمانی دەردی خۆم دەر و دامانی کێ بگرم چ ڕاهێکە نەجاتم بێ لە دەس بەختم خوداوەندا ئەوەندە من کە بەدبەختم قەباحەت خوانی کێ بگرم؟ سیاهی بەختی من وەڵڵا لە ئەرز و ئاسمان دیارە لە کێ کەم ڕوو؟ بە کێ بڵێم زوو دەردی دوکانی کێ بگرم! ؟ وەگەر من عەشقبازی کەم نەتیجەی نایەتە دەستم وە یا تەرکی جیهانیش کەم لە دەست فنجانی کێ بگرم ئەجەل: هاتن بە دەست تۆیە، لە دەس نایە بە عەقڵی کەس کەسێ لەم شارە شک نابەم بڕۆم شارانی کێ بگرم! ؟ لە بیابان و لە کۆهاندا وەکوو موجنوون و فەرهادە نەتیجەی نایەتە ئاخر موتیع و فرمانی کێ بگرم! ؟ لە دەشتی بێکەسیدا من سەرم سووڕ ماوە یاڕەبی ڕووەو قاپیت لەسەر سنگم سەر و سامانی کێ بگرم! ؟ ++++++++++++++++++++++