ئاڵەکۆک

ئەخۆل add_a_photo
ئەخۆل دیوانی ئەخۆل
٢٣. بەرەو ڕووناکی
لە ناخی جەرگی تاریکییەوە
لە کانگای دیلی و هەژارییەوە
دەس لە کەلەپچە و زنجیر لە پێما
تەوقی نەزانی وا لە گەردنما
کەوتوومەتە ڕێ ڕێگەی بێباکی
هاتووم و ئەڕۆم بەرەو ڕووناکی
پشت بە جەزرەبەی قامچی داڕزاو
چاو، ناوچەوان تف پیایا هەڵپژاو
بەشەلی و قاچی دارکاری کراو،
فرمێسک لە چاوما وشک و قەتیسماو
پێستی لەش بەسەر ئێسکا نووساوە
بە دڵێک وەکوو پۆڵای ئاودراوە
ڕێم گرتۆتە بەر زۆر بەچالاکی
ئەڕۆم و ئەڕۆم بەرەو ڕووناکی
هەرچەند ماندووم و ڕێگام دوورە و دێر
برسیمە و ڕووتم، دوژمن پۆشتە و تێر
من پێ و دەس بەسراو بێ هێز و توانا
دوژمن بەهێزە و دەستی بەڕەڵڵا
لەگەڵ ئەوەشا بە هەستێکی بەرز
ویستێکی نەگۆڕ، گیانێکی نەبەز
ئەڕۆم بەمەردی و زاتی بێباکی
ئەڕۆم بێ وچان بەرەو ڕووناکی
ئەزانم ڕێگام سەختە و پڕ ئازار
پڕ لە دوژمنی خوێنەخۆ و زۆردار
بە چەن کۆسپ و ئەرک ڕێگام تەنراوە
بۆ ئەوەی نەڕۆم نەکشێمە دواوە
بەڵام نە سەختی ڕێی پڕ ئەرک و دوور
نە تاریکایی سامی بێ سنوور...
نە زۆری زۆردار نە زۆری دوژمن
داناخورپێنێ تۆزێ دڵی من
سەرە و هێناومە... سەری بێباکی
ئەڕۆم بەبێ ترس بەرەو ڕووناکی
***
ئەزانم کە وا دوژمنەکانم
زۆر بلیمەتن بۆ ئازاردانم
بەڵام ئەو داخەم وا لەبەر چاوە
کە بە ڕووی باوک و باپیرمان ناوە
ئەزانم کە چەن جەربەزە و زوشتن
بۆ گیان فڕاندن بۆ ویژدان کوشتن
بەڵام لە هەموو زامێک ناسۆرتر
لە بەندیخانەی دوژمن تاریکتر
دڵ و ژیانی پەستی ئێستەمە
کە پر لە تاڵی و ژان و ستەمە
بۆیە هێز نییە کە بموەستێنێ
دەسەڵات نییە بمسڵەمێنێ
ئەوا بەگورجی و چوست و چالاکی
ڕۆییم و ئەڕۆم بەرەو ڕووناکی
***
ئەزانم ڕەنگە نەشگەم بە ئاوات
لە یەکەم قۆناغ دوژمن لێم بدات
یان ڕێی تێ ئەچێ خۆم لەپڕ بمرم
لەگەڵ ئەمانەش ڕێیە و ئەیگرم
چونکە مردنم ڕووەو ڕووناکی
چاکترە لە «مان» ژین بەتاریکی
بۆیە هەر ئەڕۆم زۆر بە دڵپاکی
بەرەو ڕووناکی، بەرەو ڕووناکی
***
نەء.. نەء.. من خۆم نیم بە تاقی تەنیا
ڕێ بگرمە بەر، بێ ترس، دڵنیا
بەڵکوو هەزاران هەزار هەژارین
بۆ یەک هۆ هەموو ئامادەی کارین
بۆ کەرامەتی پێشێلکراومان
پێستی پشت بە دار فڕێ دراومان
ئابڕووی هەموو تکێنراومان
مافی هەزاران ساڵی خوراومان
ویژدانی گشتی توێنراومان
گیانی بەدیلی فڕێنڕاومان
ئەو زوڵم و زۆرەی کراوە لێمان
چە لە خۆمان و باو و باپیرمان
دەردی نەزانی و هۆی هەژاریمان
بوونەتە هێزی دڵ و ورەمان
هەستاوەتەوە هاتونەتە ژان
تێمان ئەخوڕن بانگ ئەکەن لێمان
گشت ئەنەڕێنن وا بەسەرمانا
بەسەر منا نا.. هی هەموومانا
بڕۆین بەیەکجار زۆر بەچالاکی
هەموو بەجارێک بەرەو ڕووناکی
بەرەو ڕووناکی ئەڕۆین بێگومان
هەر بە کوێرایی چاوی دوژمنان
سەرەڕای سەختی و مەترسی ڕێ و بان
هەتا بە ئاوات ئەگەین هەموومان
ئەم پارچە هۆنراوەیە لە ساڵی ١٩٧٣ لە پارچە پەخشانێکی وەرگێڕاوی مامۆستا «ئا. ئا» وەرگیراوە

پەراوێز edit