ئاڵەکۆک

ئەخۆل add_a_photo
ئەخۆل دیوانی ئەخۆل
١٩. پەیمان و شیوەن
شەرتە تا ڕۆژی حەشر خولیایی من بێ چاوی یار
وێڵی سەحرابم هەمیشە تەرک ئەکەم خوێش و دیار
شەرتە خوێنم یا بە گریان ئەڕژێمە سەفحەی عەدەم
یا بە شمشێری ڕەقیبانا ئەبێ بتکێتە خوار
شەرتە وەک مەجنوونی بێکەس دەشت و کێو بێ مەسکەنم
تا بەداخی لەیلەوە دەمنێنە قەبری تەنگ و تار
شەرتە وەک فەرهاد قوڵنگی یادی شیرین هەڵگرم
تا لە پای کێوی فیراقا جێ دەهێڵم یادگار
شەرتە وەک یەعقووب لە دووری یوسفی گومگەشتەکەم
سینە پڕ غەم، دیدە پڕ نەم تا ئەبەد نەگرم قەرار
شەرتە وەک ئازیزمردە سەر لە ئەژنۆ بەرنەدەم
بۆ دڵەی وێڵ و غەریبم دائیما بگریم بە زار
شەرتە وەک بولبول بە شیوەن قەت لق و چڵ بەرنەدەم
تا دەمی خونچەی ئەمەل نەکرێتەوە سوبحی بەهار
شەرتە وەک دێوانە کەشکۆڵ و عەسایەک هەڵگرم
بیخەمە لاوە بە جارێ عیززەتی نەفس و ویقار
شەرتە بمبێ تاجی خەسرەو گەنجی قاڕوون تەختی کەی
هەر لە دەرگای ئەوا بمرم کەساس و خاکسار
شەرتە ڕەنگین کەم لە داخی تۆ بە ئەشکی دیدەکەم
عەرد و بەرد و شاخ و داخ و لالەزار و جوێبار
شەرتە یا حەسرەت لەگەڵ خۆما ئەنێمە قەبرەوە
یا ئەبێ بمژم لە خونچەی نەو شکۆفەی لێوی یار

پەراوێز edit