ئاڵەکۆک

ئەخۆل add_a_photo
ئەخۆل دیوانی ئەخۆل
٢٠. بۆ گیانی پاکی «فازڵ حەمە غەریب»
سەیوان: مەڵبەندی هەزار پیر و جوان
ئەدی دوا قۆناغی کاروانی ژیان
ئەمجارەت میوان لاوێکە نازدار
سەرچاوەی خولقی بەرز و بایەخدار
ئەمجارەت میوان بەڕێزە و ئازیز
گوڵی وەریوی سەرەتای پایز
لای کەس و کاری لە جێی چاوان بوو
چرای ناو کۆڕی برادەران بوو
هەمووی پێ جێهێشت چەرخی بێئەمان
هێنایان بۆ تۆ ئەی گردی سەیوان
جا تۆش بنووسە بە پیتی نورین
زاخاو درابێ بە ئەشکی خوێنین
لەسەر گۆڕەکەی لەسەر بەرد و گڵ
لەسەر ئەلحەد و لەسەر گوڵ و چڵ
کە ئەمە گۆڕی نەونەهاڵێکە
لاوێ: تەمەنی نۆزدە ساڵێکە
بەری ژیانی هەر نەچەشتبوو
وەک خەوی شیرین هات و بەسەر چوو
ئینجا ڕاسپێرە فریشتەی خوایی
بیگرنە باوەش زۆر بەئەسپایی
جێگەی بۆ خۆش کەن لەناو بەهەشتا
لە خۆشترین جێی سەیران و گەشتا
لە جێی باوکی بن، لە جێی دایکی بن
لە جێی برای بن، لە جێی خوشکی بن
باوەشێنی کەن حۆر و غیلمانی
بیتە هاوسەری فریشتەکانی
بیلاوێننەوە جوان و نازدارە
بەڵام وریای بن گیانی زامدارە
با بەشێنەیی باوەشێنی کەن؟
بە سروودی خوا خەمڕەوێنی کەن
دوا تکام وایە و مەمکە بێبەری
بنووسە لەسەر بەردی ژوور سەری
پەیمان بێ فازڵ هەتاکوو ماوم
بۆ تۆی تەرخان کەم فرمێسکی چاوم

پەراوێز edit