ئاڵەکۆک

موفتی پێنجوێنی add_a_photo
کوڕ:
بابە هەرچەندە زۆر لێت ئەترسم
بەڵام ناچارم وا لێت ئەپرسم
هەر بە ڕووخۆشی عاجز نەبی لێم
لێم مەشارەوە ڕاستی بڵێ پێم
تۆ لە ڕەفیقت بۆچ بەجێ ماوی؟
بۆچ وا بێ پارە و کز و داماوی
بۆ چی بێ عەرز و موڵک و دووکانی
خێر لە خۆ نەدیو بێ بەرگ و نانی
خۆ ڕەفیقی تۆ نەخوێندەوارە
بۆچی خاوەندی هەزار هەزارە
ئەوان بەشەرن تۆش هەر بەشەری
بۆچی لە ژینا وا بێ خەبەری
وەڵام:
کوڕم مەمنوونی فکر و هۆشتم
دڵ پڕ لە شەوقی قسەی خۆشتم
چۆن زویر ئەبم لە پرسیارت
زۆر شیرینە لام وردی گوفتارت
پێویستە جوابت بە ڕۆح و بە گیان
تۆش بیگریتە گوێ وەک مەردی مەیدان
من وام ئەزانی ڕۆزی ئەبارێ
هەرکەس بەقەد خۆی بۆی دێتە خوارێ
قەت کڵاوڕۆژنەی بانم نەدەگرت
ئەمگوت ها ئێستا بۆم دێ دەستوبرد
سێ ساڵ دانیشتم بەم خەیاڵەوە
دڵ پڕ لە دەرد و ئاه و ناڵەوە
نەمزانی هەوڵ و کۆشین و ڕەنجە
تا دەست خۆمی خەم ئەم پووڵ و گەنجە
بڕۆم دەستوبرد حەجێکی بۆ بکەم
بم بە وەکیلی پارەی قەومەکەم
هەریەک بە جۆرێ لێیان وەرگرم
بۆ تۆی کۆمەڵ کەم هەتاکوو ئەمرم
تۆپێ خام دانێم بیفرۆشم پێیان
زوو بیکڕمەوە بە کەمتر لێیان
قازانجەکەشی ئەگەر دەپرسی
ئەمفرۆشت بە چل ئەمکڕی بە سی
ئێستاکە فێر بووم ڕەفتاری ژینم
نە پارەم هەیە و نە هێز و تینم
ئەم فڕوفێڵە و ئەم دانە و داوە
زۆری وەک منی پێ داخ کراوە
ئەم چاوبەستییە و ئەم بگرەوبەردە
هەر بۆ نەزانی هەناسەسەردە
ڕۆڵەم تۆ وەها حەیفە ژیانت
بێ فێڵ بژی تۆ دەستم دامانت

پەراوێز edit