کوڕ:
بابە ڕێگەی ژیانی من چۆنە
ژینی ئەم عەسرە باشە یا کۆنە
پێم بڵێ تۆ ئەوەی کە ئەیزانی
ئاشکرا خۆشترە لە پەنهانی
نامەوێ ئەرک و خزمەتی دیوان
بەندەگی شەخسی و ملکەچی بۆ نان
حوڕ بژیم چاو لەبەر نەبم بۆ کەس
پیاوی خۆم بم بە زۆری قاچ و دەس
موفتی:
ڕۆڵە گوێ بگرە هەرچی ئەیزانم
ئاشکرا پێت ئەڵێم بە چاوانم
تێت گەیشتووم بزێو و هوشیاری
بۆ ئەمەی ڕوو نەکەیتە لاساری
پێشەکی دەرسی دین و قورئانە
کە ڕێگەی سەربڵندی ئینسانە
پاش ئەوە خوێندن و حساب و خەت
خوێندنە لات ئەدا لە ڕێی نەگبەت
جا ئەمەو توجارەت و سنعەت
حورمەتی خاک و خزمەتی میللەت
هێندە هێمن بە خوڵقی خاکت بێ
بێ هەوا بە دڵێکی پاکت بێ
بە بەشی خوا ڕەزا بە خوا ئەیدا
ئەوی ڕۆژ بتبێ بۆت ئەبێ پەیدا
ئەمەوێ تۆ بە ڕەنجی شان حوڕ بی
تێدەگەی چی ئەڵێم ئەگەر کوڕ بی