کچ:
بابە نزیکە شەوق و ئارەزووم
خۆزگە ئەمزانی کێ ئەبێ بە شووم
من زۆر ئەترسم کە بمدەی بە شوو
بمدەی بە کەسێ بەدخوڵق و بەدخوو
یا لەبەر ئەوەی کە پارەدارە
یا کوڕی ئاغا و بەگی زۆردارە
یا بڵێن کوڕی خزمی خۆمانە
هەرچەن گۆشت لەڕ بێ هەر لەسەر ڕانە
هەر بە زیندوویی بمخەیتە قەبرێ
خۆزگە بخوازم بەوەی کە ئەمرێ
سەدی نەوەدی کیژی ئەم کوردە
هەر نامرادە و هەناسەسەردە
موفتی:
کچم تێ ئەگەم ئاواتت چییە
ئەو فکرە کۆنە لەلای من نییە
شەرتە بە شەرع و فەرموودەی قورئان
من بتدەم بە شوو نەتخەمە زیندان
هەرکەسێ کە خۆت حەزی لێ ئەکەی
هیچ ناوەستی لێی زوو شووی پێ ئەکەی
ئەو کەسەش کە وا عاشق بە تۆ بێ
بۆ تۆ وەکوو تۆ دڵ پڕ لە سۆ بێ
ڕووشمان تێ نەکا عەیبەی ئەم و ئەو
وەک دەهۆڵ لێدەن بە ڕۆژ و بە شەو
بێ ترس و بێ خەم بۆ خۆت دانیشە
من ئیشی خەڵکی ناکەم بە پیشە
نایشتفرۆشم هەروەکوو حەیوان
شیربایی لە خۆم ئەکەم بە سندان
فەرقی لام نییە خزم و بێگانە
هەر تۆ لات باش بێ لای من ئاسانە
ترسی مەولوودیش لە دڵ لابەرە
کەسێک وا ئەکا بەناو بەشەرە