ئاڵەکۆک

موفتی پێنجوێنی add_a_photo
موفتی دیوانی موفتی پێنجوێنی
٦١. بابە ئەمڕۆ من وا پێگەیشتووم
گێلاس:
بابە ئەمڕۆ من وا پێگەیشتووم
لە ژینی دنیا باش تێگەیشتووم
کوڕ و کچ هەر دوو بەشداری ژینن
هەر دوو نەمامی ڕووی سەر زەمینن
وەک پاشەڕۆژی کوڕ دێنیتە یاد
کچیش وەکوو کوڕ مەیکە نامراد
چەند قسە و باسێ ئەکەم عەرزی تۆ
لە شووکردنا مەمکە ڕەنجەڕۆ
بە ئارەزووی خۆت مەمدە بە خانێ
بە ئاواتی خۆم بمدە بە شوانێ
بەڵام بە شەرتێ دڵگیری من بێ
ئەویش پێبەستەی زنجیری من بێ
ئەتوار شیرین و کاسبکارێ بێ
خۆشەویستی گشت ئەهلی شارێ بێ
ئازا و زرنگ بێ نان بێنێتە دەس
سەرسەری نەبێ ملشۆڕ و تەرەس
مەڕوانە عەسری بیست ساڵ لەمەوبەر
کچ ئەدا بە شوو بە نووکی خەنجەر
هەرچەند لە دێهات ئەم باوە ماوە
بەڵام لە شاران خامۆش کراوە
گەر نەمدەی بە شوو بە ئارەزووی خۆم
حاشات لێ ئەکەم لەلاشت ئەڕۆم
تەڵاقەکەیشم بە شەرعی ئیسلام
چۆن دائەمەزرێ حەوت کەڕەت سەلام
گەر بمفرۆشی بۆ ژیانی خۆت
یاخوا هەر نەژیت نەخۆی نانی خۆت
گەر کچفرۆشتن ئیش و کارت بێ
زاوای زێڕینت شای چەند شارت بێ
بتکا بە وەزیر شا خۆی یارت بێ
یاخوا خەزنەکەی زەهری مارت بێ
وەڵامی موفتی:
ڕۆڵەی زرنگ و هوشیار و ژیرم
مەڕوانە وێنەی پەڕپووت و پیرم
منیش لەم ڕێگا گەنجێکم وەک تۆ
نەمرم بمێنم ناتکەم ڕەنجەڕۆ
پاشەڕۆژی تۆش هەروەکوو کاکت
ئەیخەمە بەرچاو هیچ نەبێ باکت
ڕۆڵەم واتەکەت لەلام شیرینە
چونکە ڕێی شەرع و ویژدان و دینە
نەک هەر لەلای من لەلای گشت بەشەر
ئەچێ واتەکەت بە لەعل و گەوهەر
ئەتخەمە شوێنێ بە ئارەزووی خۆت
ڕزگارت ئەکەم لە بەند و لە کۆت
ڕۆڵەم هەتاهەم لەسەر بیری تۆم
نە خان ئەناسم نە تاجر نە دۆم
نە نامووس فرۆش نە پووڵ پەرستم
حەیا و حورمەتم نادەم لە دەستم
من بە خوێنی تۆ نامەوێ ژیان
خۆم ناکەم بە پەند لای ئەهلی جیهان
بیری پێمەدە ئازاد و حوڕ بە
هەرچەندە کچ بی لە ڕیزی کوڕ بە
دانیشە بێ خەم ئاسوودەحاڵ بە
تۆش وەکوو کاکت خاوەنی ماڵ بە
ئەم دەردە ئاخۆ کەی دەرمانی بێ
ئەم ئاخ و داخە چۆن سامانی بێ
دووکەڵی ئاهی هەناسەکەی من
هەر دێت و ئەڕوا تا وەختی مردن
ئەم نەختە ژینە لە ڕووی سەرزەمین
یاخوا هەر نەبێ ئەگەر حوڕ نەبین
ڕۆڵەکەی زانا و پڕ بیر و هۆشم
من بۆ ئازادی تۆ تێئەکۆشم
ئیتر جەهەننەم چش لە دەردی خۆم
خەریکی کۆچم بارکەم و بڕۆم

پەراوێز edit