ئاڵەکۆک

موفتی پێنجوێنی add_a_photo
موفتی دیوانی موفتی پێنجوێنی
٦٥. بخوێنە ڕۆڵە لە یەک هەتا شەش
بخوێنە ڕۆڵە لە یەک هەتا شەش
پێویستە خوێندن لەبۆ ڕۆژی ڕەش
خوێندنە بەشەر لە ڕیزی حەیوان
جیا ئەکاتەوە و ئەیکا بە ئینسان
بەڵام مەکتەبی پۆلی ناونجی
دەس نادا بە زۆر بیشتبەن نەچی
تووشی مەراق و دەرد و خەم ئەبی
بێ ئیش و بێ کار هاوسەر کەم ئەبی
چونکە وەزیفەی عێراق بە خوێندن
دەس کەس ناکەوێ بێ گەورە بۆ من
یا بە پارەی زۆر ئەچیتە سەر کار
یا بە واسیتەی ئەشرافی ناو شار
تۆ نە پارەت بێ نە پیاوی مەزن
ئەبێ پۆلیسی بگریتە گەردن
کە وا بوو هەرزوو بە توورفرۆشی
ڕابوێرە عومری گەنجیت بە خۆشی
کاسبی و سنعەت چرای چاوت بێ
با پۆشاکیشت شاڵ و جاوت بێ
نە کەس پیاوت بێ نە پیاوی کەس بە
نە چاوەڕوانی گیرفان و دەس بە
کە پێگەیشتی و بووی بە پیاوی خۆت
بووی بە خاوەنی ئەسکەناز و نۆت
خۆیشت پیاو ئەبی و هەر ئەبی بە پیاو
دینار و درەم ئەتخاتە ناو ناو
کوڕم نابینی بە هەزار هەزار
بە ڕەنجی بازوو حەماڵیی ناوشار
وەختێ پێ ئەگەن ئەڕۆن بۆ حیجاز
گەورە و بچووکیان ئەچێتە پێشواز
ئاڵای ڕەنگاوڕەنگ لەگەڵ تەپڵ و دەف
ئەڕازێتەوە پۆل پۆل و سەف سەف
ئەو شکڵ و شێوەی ئەبینی بە چاو
دەسیان ماچ ئەکەن هەنگاو بە هەنگاو
زەحمەتی شان و قۆڵ و دەسیەتی
نەک هی مەئمووری و قەوم و کەسیەتی
ڕۆڵە تۆش ئەبێ بە ڕۆژ و بە شەو
تەقەللا بدەی واز بێنی لە خەو
ئەمجا ئاڵای تۆش ئەلەرێتەوە
حەیوان سەر ئەبڕن لەژێر پێتەوە
ئەبیتە پاشای چوار دیواری خۆت
ڕزگارت ئەبێ لە بەند و لە کۆت
ئامۆژگارییەکەم فەرامۆش نەکەی
دوژمن و ناحەز بە خۆت خۆش نەکەی

پەراوێز edit