ئاڵەکۆک

موفتی پێنجوێنی add_a_photo
موفتی دیوانی موفتی پێنجوێنی
٥٤. مەکتەب ژیانی میللەتە باخی حەیات و وەسڵەتە
مەکتەب ژیانی میللەتە، باخی حەیات و وەسڵەتە
بۆ ئەهلی دنیا جەننەتە، هەر کەس نەچێ بێ هیممەتە
باخێکە مەکتەب پڕسەمەر، ڕووناکە وەک شەمس و قەمەر
شوعلەی ئەچێ بۆ دەشت ودەر، پڕ عەیش و نۆش و عوشرەتە
ئەی کورد ئەگەر تۆ عاقڵی، وەک بولبولی شەیدای گوڵی
بۆچی لە مەکتەب غافڵی، زانست بە پیری زەحمەتە
عیلم و مەعاریف بۆ بەشەر، کەبخێکە پڕ لەعل و گەوهەر
وەک تاجی شاهی بیکە سەر، ساحێب بەها و قیمەتە
گەنج ساحەبی بەقا نییە، زەحمەت بە بێ بەها نییە
سستی لە سنعەت چا نییە، دووری لە مەکتەب وەحشەتە
ئینسانی بێ عیلم و عەمەل، وەحشێکە وەک حەیوانی شەل
مەهتووکە تا ڕۆژی ئەجەل، بێ قیمەت و بێ حورمەتە
هەرکەس کە وا هونەروەرە، لە فکرا زۆر مونەووەرە
بە وێنەی ماه و ئەختەرە، هەر مەکتەب و هەر سنعەتە
ئەی کورد هەتا کەی غافڵی، خۆ تۆ لە عومرا کامڵی
بۆ هیچنەزان و باتڵی، تاکەی لە سەر ئەم حاڵەتە
مەجبووری خۆراکیت و جل، عومرت کە چوو بۆ دەوری چل
چی فێر ئەبیت خاکت بە مل، ئەمڕۆ کە ڕۆژی دەرفەتە
موفتی لەڕێی چاکی وەتەن، دووسەد جنێوت پێ ئەدەن
بشکێنە ئێسقان و بەدەن، بۆ تۆمەئالی ڕەحمەتە

پەراوێز edit