شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: مەکتەب ژیانی میللەتە باخی حەیات و وەسڵەتە مەکتەب ژیانی میللەتە، باخی حەیات و وەسڵەتە بۆ ئەهلی دنیا جەننەتە، هەر کەس نەچێ بێ هیممەتە باخێکە مەکتەب پڕسەمەر، ڕووناکە وەک شەمس و قەمەر شوعلەی ئەچێ بۆ دەشت ودەر، پڕ عەیش و نۆش و عوشرەتە ئەی کورد ئەگەر تۆ عاقڵی، وەک بولبولی شەیدای گوڵی بۆچی لە مەکتەب غافڵی، زانست بە پیری زەحمەتە عیلم و مەعاریف بۆ بەشەر، کەبخێکە پڕ لەعل و گەوهەر وەک تاجی شاهی بیکە سەر، ساحێب بەها و قیمەتە گەنج ساحەبی بەقا نییە، زەحمەت بە بێ بەها نییە سستی لە سنعەت چا نییە، دووری لە مەکتەب وەحشەتە ئینسانی بێ عیلم و عەمەل، وەحشێکە وەک حەیوانی شەل مەهتووکە تا ڕۆژی ئەجەل، بێ قیمەت و بێ حورمەتە هەرکەس کە وا هونەروەرە، لە فکرا زۆر مونەووەرە بە وێنەی ماه و ئەختەرە، هەر مەکتەب و هەر سنعەتە ئەی کورد هەتا کەی غافڵی، خۆ تۆ لە عومرا کامڵی بۆ هیچنەزان و باتڵی، تاکەی لە سەر ئەم حاڵەتە مەجبووری خۆراکیت و جل، عومرت کە چوو بۆ دەوری چل چی فێر ئەبیت خاکت بە مل، ئەمڕۆ کە ڕۆژی دەرفەتە موفتی لەڕێی چاکی وەتەن، دووسەد جنێوت پێ ئەدەن بشکێنە ئێسقان و بەدەن، بۆ تۆمەئالی ڕەحمەتە ++++++++++++++++++++++