ڕۆڵە دەستم دامەنی تۆ عیلم و عیرفانت ببێ
هەر لە هەوڵا بی کە موڵک و سەروەت و نانت ببێ
با بە سەربەستی-- چاوت لە دەستی کەس نەبێ
غیرەتی مەردانە و شێرانی مەیدانت ببێ
نان و بەرگی کەسب و کاری خۆت نەبێ تالب نەبی
گەر بە هیوا بی بناغەی دین و ئیمانت ببێ
ڕیش و بەرماڵ و عەبا نابێ بە مایەی ئاخرەت
گەر موسوڵمانی ئەبێ تۆ ڕەحم و ویژدانت ببێ
تێکەڵی ئینسانی وەحشی ئیشی سەرگەردانییە
وەک ئەرەستۆ پەیڕەوی ئەخلاقی لوقمانت ببێ
تاوەکوو ماوی لە داخی قەومی بێ عیلم و نەزان
ڕۆژ و شەو دڵ پڕ لە ناڵە و شین و گریانت ببێ
نابینی قەت حاڵی هاوسێماڵەکەت بەم جۆرە بێ
هەر هەناسەی دووکەڵین و جەرگی بریانت ببێ
تۆ حەکیمی حاڵی خۆت و ماڵ و منداڵت مەبە
بۆ فەقیری خاکەکەیشت داو و دەرمانت ببێ
تۆ ئەگەر بەرزیش ببی هەروەک ڕەزاشای پەهلەوی
بیر و هۆشی پاشەڕۆژ و ترسی یەزدانت ببێ