شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: ڕۆڵە دەستم دامەنی تۆ عیلم و عیرفانت ببێ ڕۆڵە دەستم دامەنی تۆ عیلم و عیرفانت ببێ هەر لە هەوڵا بی کە موڵک و سەروەت و نانت ببێ با بە سەربەستی-- چاوت لە دەستی کەس نەبێ غیرەتی مەردانە و شێرانی مەیدانت ببێ نان و بەرگی کەسب و کاری خۆت نەبێ تالب نەبی گەر بە هیوا بی بناغەی دین و ئیمانت ببێ ڕیش و بەرماڵ و عەبا نابێ بە مایەی ئاخرەت گەر موسوڵمانی ئەبێ تۆ ڕەحم و ویژدانت ببێ تێکەڵی ئینسانی وەحشی ئیشی سەرگەردانییە وەک ئەرەستۆ پەیڕەوی ئەخلاقی لوقمانت ببێ تاوەکوو ماوی لە داخی قەومی بێ عیلم و نەزان ڕۆژ و شەو دڵ پڕ لە ناڵە و شین و گریانت ببێ نابینی قەت حاڵی هاوسێماڵەکەت بەم جۆرە بێ هەر هەناسەی دووکەڵین و جەرگی بریانت ببێ تۆ حەکیمی حاڵی خۆت و ماڵ و منداڵت مەبە بۆ فەقیری خاکەکەیشت داو و دەرمانت ببێ تۆ ئەگەر بەرزیش ببی هەروەک ڕەزاشای پەهلەوی بیر و هۆشی پاشەڕۆژ و ترسی یەزدانت ببێ ++++++++++++++++++++++