قانع دەسی من دامەنی تۆ تاوەکوو ما بێ
عەمرت لە حەیاتا عەمەلت سنعەتی چا بێ
نانێ کە بە گەڕ دەس بکەوێ گووی سەگی تێ بێ
سەگ لێت بوەڕێ و پیرەژنیش دەم بە دوعا بێ
مەشهوورە حەیا قەترەیەکی شۆخ و لەتیفە
هەر کەس کە گەڕا لازمە ئەو قەترە تکابێ
مەهتووکە لەلای من بەشەرێ باعیسی ڕزقی
کەشکۆڵ و دەف و مێزەر و مەششاک و عەبا بێ
ئەم سنعەتە مەکرووهە لەبۆ کەس نییە قوربان
بۆ ئەو کەسەیە وا بە درۆ پیاوی خوا بێ
باپیری منیش خیلقەتی گەر وا بووە حاشا
تا ڕۆژی ئەزەل نامەوێ لەو جەددە ئیبا بێ
موفتی کە وەها بێ ئەدەبە مەنعی نەکەی تۆ
پەردەی دڵەکەی ڕەنگە لە سەد لاوە دڕابێ