ئەوی خوێندم لە عیلمی زوو سەراپا دەرسی مردن بوو
حەدیقە و مەنزەرەی خۆشم هەموو کۆڵان و قوژبن بوو
بە غەیری دەقنە و ڕاتوو نەکەوتە دەستی من کارێ
خۆراکی چەور و شیرینم زڕات و گاڵ و هەرزن بوو
ئەبینم قەومەکەیشم، کامی نێر و لێدەر و کوڕ بوو
لە پاشا ژێردەسەی خەڵقی و کز و گەردنکەچی ژن بوو
ئەگەر هەڵکەوتبێ فەردێ لە کوردا خاوەنی دەس بێ
ئەویش ناحەز بە قەوم و ئاخری تالان و کوشتن بوو
لە سەد ئەک داخەکەم نەمدی کە جارێ بێتە بەر چاوم
لە دنیادا ئەوی فکر و ئومێد و ئارەزووی من بوو
نەزانی خۆشە چونکوو، بێ مەراق و بێ خەم و دەردە
ئەوی دانایە وەک نەی وا بە جارێ جەرگی کونکون بوو
دەوای دەردی دڵت موفتی هەتا ئاخرنەفەس نابێ
تەرەققی قەومی غەربی سنعەت و تەحسیلی خوێندن بوو