ئاڵەکۆک

موفتی پێنجوێنی add_a_photo
موفتی دیوانی موفتی پێنجوێنی
٣٠. هەر منم شێتم بە تەنیا بوومە خەمخواری وەتەن
هەر منم شێتم بەتەنیا بوومە خەمخواری وەتەن
وا لەسەر شانم بەدایم بار و سەرباری وەتەن
شین و گریانم نەدی بێ دەرد و خەم بێ کاسبی
نایەڵێ ساکن ببێ دڵ ئێش و ئازاری وەتەن
هەر بە ئوممێدم لە سوبحا پێکەنینی خونچە بێ
بولبولێکم عاشق و شەیدایی گوڵزاری وەتەن
سەر بە قوربانی کەسێ بێ قەدری خاکی لا ببێ
نایەوێ ژین و ئەکا ڕۆحی فیداکاری وەتەن
زیکری من غەیری وەتەن حەرفێ لە دڵما ڕێی نەما
یاڕەبی هیچ کەس نەبینم وا گرفتاری وەتەن
وەک زڵێخا بۆ خەریدی جەماڵیی یۆسفی
بۆ نەدەم خوێناوی جەرگم بۆ خەریداری وەتەن
مردنم نادەم بە ژینی زیللەتی و بێ حورمەتی
خۆشە گەر بیشمکوژێ ژەهری دەمی ماری وەتەن
نامەوێ قەسر و قسوور و نیعمەتی خۆشم ببێ
با سەرم بشکێ بە گۆشە و سووچی دیواری وەتەن
گوڵ لە باخی غەیرەتا، کەی من بە سەرما کەم گوڵێ
بۆ فەرەحبەخشی دڵم بێنن قولێ خاری وەتەن
قەدری پێ نادا بە گەنجی هیچ کەسێ تا پیر نەبێ
تا نەسووتێنێ دەروونی حەملەیی ناری وەتەن
گەر درەختێ بێ سەمەر بێ سێبەرێکیشی نەبێ
هەڵکەنی خالق لە بێخا با نەبێ داری وەتەن
چەند گرۆهێ بوو لەمەو پێش ئێستە هەروا باقییە
بوونە میکرۆب و نەما شێرانی سەرداری وەتەن
جێی ئومێدی دڵ ئەبەد نابێ کرمڕێز بێ کەسێ
گەر نەبێ جەرگی لەت و ئەندامی بیماری وەتەن
قارەمانیی تێگەیشتن بۆیە نایاب و کەمن
ئەیگرێت و ئەیکوژێ زەهری دەمی ماری وەتەن
گەر بنووسرایە بە کوردی ژین و تەئریخاتمان
شوعلەوەر بوو ئێستە یەکسەر شوێن و ئاساری وەتەن
سەد جنێوم پێ بدەن هێشتا زمانم تیژ ئەبێ
وا ئەزانم شۆرەتم ئەڕوا بە بێ عاری وەتەن
موفتی تۆ ئەمری ڕەفیقێکت نەبوو هاوعومری خۆت
بەسیەتی تاکەی ئەکەی هەیهات و هاواری وەت

پەراوێز edit