گەر خودا نەیدا بە چاکی دوژمنی ئینسانە ژن
مار و دووپشک و پڵنگی شاخی هەورامانە ژن
گەر گڵۆپی دووسەدیش هەڵکەی لە ماڵ و مەتبەقا
دووکەڵی حەوش و حەسار و ژوور و بەرهەیوانە ژن
تۆ دە پەیدا کەی لە ڕۆژا ئەو بە سی داناکەوێ
هەر خەریکی قاوچ و قووچ بردن و تاڵانە ژن
گەر نەخۆشینت نەبێ سیلداری و دڵ پڕ لە خەم
چۆتە ناو جەرگت بەدایم ئێش و دەرد و ژانە ژن
گەر لەگەڵ ئەودا بەهەشتت پێ بدەن لێی ڕا ئەکەی
تاوەکوو مردن عەزیزم دەردی بێ دەرمانە ژن
گەرچی شێوەی شۆخوشەنگ و دووکوژ و پڕ عیشوە بێ
تۆ لە بەر چاو و دڵت شێوەی وەکوو شەیتانە ژن
بۆ خراپی ئەو قەڵەم ئەشکێ و زمانیش کۆڵ ئەبێ
قابیزیش ڕازی نەبێ هەر ئیشی گیانکێشانە ژن
هەر بژی موفتی کە وا دایم لەڕێی ڕاستی ئەڕۆی
هەر بڵێ تا مردنت دەرد و بەڵای ئینسانە ژن