خۆزگە بەو ڕۆژە لە دەرگاکەت بە شەق دڵ دەرکرا
فەزڵی ئەربابی حەمییەت بۆ بەسەر خەڵقا درا
سەد کەڕەت گەر دەرکراوم لازمە هەر بێمەوە
تا دەسووتێ هەر دەبێ پەروانە بێتە بەر چرا
مەسئەلەی شامی فیراقم لێ مەپرسن تو خودا
مەنجەنیقێ بوو لە دنیادا کە بۆ من داخرا
حاڵی عاشق نیک و بەد تابیع بە مەیلی دلبەرە
تەپڵی بەد ناوی لە عالەمدا بە ئێمە لێ درا
وەک محەک سەنگی فەلاکەت تەجرەبەی عالەم دەکا
کەڵکی بۆ کەس نەبووە باب و قەوم و ئەولاد و برا
عەقل و جاهم دا بە شێت و حاڵەتی ئاوارەیی
جائیزە شەرعەن لە وەختی جیننەتا بەیع و شیرا
کوشتنی ئەهلی موحیببەت وەک جلووسی شاهییە
ئەم چراخانە لە گەردوون بۆ من ئەمشەو هەڵکرا
ڕەهبەری ئینسانی بەدبەخت دائیما هەر ڕەهزەنە
بۆ خەبەرداری دزانە دەنگی زەنگی من زڕا
هەر وەکوو ئەم شیعرە ڕەنگینە سەوادی سەفحەیە
بۆ موتاڵای حەمدی یە زلفت لەسەر ڕوومەت نرا