ئاڵەکۆک

حەمدی add_a_photo
حەمدی غەزەل
١٠. خۆزگە دەمزانی بەسەرمانا زەمان بۆ ناز ئەکا
خۆزگە دەمزانی بەسەرمانا زەمان بۆ ناز ئەکا
زەربی ئادابی قەواعید بۆ بە ئەمری شاز ئەکا
تێ نەگەیوە ئێمە دەیزانین موسەببیب هەر ئەوە
حوشترە قەززاز مریشکە هێلکە هەر وەک قاز ئەکا
شینەشاهۆیە لە ئەوجی کەهکەشانا وەک شەهێن
بۆ شکاری قورسی مانگ و جورمی خۆر پەرواز ئەکا
کۆترەباریکە قەلەباچکەش کە گاڵتەی پێ ئەکرد
وا بە پەڕبازی خەریکە مەغلەتەی شەهباز ئەکا
ساقی کوێر و کاسە کەل بادە نسیبی شێت و شەل
موتریبی ناسازە تاری عەیشی مەجلیس ساز ئەکا
جاهیل و کەمفام ئەگاتە مەجلیسی وەسڵی نیگار
ماچی سەر کوڵمی لەتیفی هەر بەجووتە و گاز ئەکا
کەر لە کوێ کەوتووە لە کوێ کوندە دڕاوە سەیری کەن
ئاشەوان دانی نییە بەرداشەکەی بیراز ئەکا
ئیبنی مریەم ڕادەکێشێ سفرەیی خاسی بەهەشت
وەک حەوارییون یەهودی ئیددیعای ئیعجاز ئەکا
ژاڵە گوڵباغی دەکا پیر سۆزە شەمعی بەزمی عەیش
کوللەیە پەروانە فیسقە بولبولی ئاواز ئەکا
ئەهلی هیممەت حەقیە تەعنە گەر بدا ئەمڕۆ لە ڕۆژ
بۆ هەڵێ لەم عەسرەدا ئەو نوورە پای ئەنداز ئەکا
تەبعی حەمدی دەستگاهێکە بە پێوانەی غەزەل
بۆ بەری هەم عەسرەکانی ئەلبیسەی مومتاز ئەکا

پەراوێز edit