جوێنی تاڵی یار لە زەوقا مەززەیی شیرین ئەدا
کۆهکەن کەی ئەم قەرارە بۆ قسەی شیرین ئەدا
جیلوەبازی ئەمشەوەی بۆ کوشتنی نەفسی منە
خۆر ئەمەندە شوعلە بۆ گوم کردنی پەروین ئەدا
من بە دنیا ناگەم و دینیش لە دەستم دەرچووە
هەر بە ئومێدی ویساڵی دلبەرم تەسکین ئەدا
زەمزەمەی ئەم نیوەڕۆیە سوبحی مەحشەر نیسبەتە
یارە تەرتیباتی کوشتن بۆ منی مسکین ئەدا
تۆ دەزانی لەم خەلادا تەقڵەدانی با چییە
مل شکاوە دەم لە باسی پەرچەمی موشکین ئەدا
چاوی من ئێوە بە ساغی دادەنێن کوێری زەلیل
تەجرەبەی خاکی دەریکا قووەیی بینین ئەدا
دوژمنی ڕێگەی محەببەت جانفیدایە میسلی دۆست
کوفری زلفە موو بە موو بۆ من کە شەرحی دین ئەدا
حازری نوێژی شەهیدی عەشقی تۆن فەوجی مەلەک
بۆ موبارەک بادی مەنزل ڕێ بە مەئموورین ئەدا
کوشتنی حەمدی بەجێیە تۆ ئەگەر عاجز نەبی
بۆ شەهادەت عەرز و حاڵی بۆ جلی خوێنین ئەدا