شەمس دەشکێ دەڵێ بکرێ قەمەر تەشبیهی ڕوخسارت
شەکر دەتوێتەوە ببیێ ئەگەر شیرینی گوفتارت
سەری شێواوە سەرو و تەوقی زاڵم چۆتە مل قومری
لە ڕۆژێکی کە دیویانە بە ناز و لەنجە ڕەفتارت
خوماری نەشئەیی مەی هەر بە تەنها ساغیری دەشکێ
خوماری ناشکێ مەستی پیاڵەی چاوی خومارت
بەجارێ ئێشی نەخچیری وەها ئەبڕێتەوە غەمزە
لە دەرمان و حەکیم ئازادەیە مەجمووعی بیمارت
گلەی ناحەق دەکەی ئەی دڵ کە نەمپرسیوە ئەحواڵت
لەبەر ئازاری خۆم نەکرا بگەم ئەمشەو بە هاوارت
لەگەڵ بانگی حەقا وەک کۆتری حاقو دەناڵێنم
بنازم گوڵستانی عەشق لەگەڵ مەنسووری سەردارت
نیگاهت بۆ بینای عومری منی بێ چارە بۆمبایە
فیدات بم ئەی تەیارەی دیدە بۆ تەئسیری کردارت
لە ئەلفاز و مەعانی بۆ ملت گەردنلغی گەوهەر
دەکەم فکرم نەئاڵۆزێ بە باسی زلفی تاتارت
بە پەنجەی شانەیی فیرقەت خەیاڵت حەمدی داهێنە
میسالی دەستەیی گێسوویی یارە بەستەی ئەشعارت