سەیری من کەن ئارەزووتانە ئەگەر سەیرانی دۆست
عاشقی ڕەوشەن زەمیرە ئاوێنەی ڕەخشانی دۆست
دوژمنت نامەردە داواکاری سەرتە ئەی نەفس
تا بە دەستی ئەو نەچوویی خۆت بکە قوربانی دۆست
بێ هەناسەی سەردی بولبول غونچە کەی پشکووتووە
وەک نەسیمی سوبحە ئاهم بۆ دەمی خەندانی دۆست
من بەسەر گەردی لە مەیدانی فیراقا کەوتووم
بەختی کێ بوو گەردێ هەڵسا گەیوەتە دامانی دۆست
خوسرەوی ئیقلیمی حوسنە یار بە تەنسیبی ئەزەل
خەتتە شەرح و خاڵە توڕڕە و ڕوومەتە فەرمانی دۆست
پێکەنینم دێ بە خەڵقی بۆ لە دوژمن خەوف دەکەن
گەر هەیانە باوەڕی کامیل لەسەر پەیمانی دۆست
وەک شەیاتینێ کە ڕۆژ دەگرن بە چەپڵە بەر دەدەن
وایە تەمسیلی لەکن من گرتن و بەردانی دۆست
دۆستی ئیقبالت لە ئیدبارا بە ئەکسەر دوژمنە
عیززەت و زیللەت وەکوو یەک وایە بۆ مەردانی دۆست
ئەم کەلامەت وەک شامامە حەمدی نەخشاند و ئەسەف
کەس نییە وەک توحفەیێ بیباتە بەر دیوانی دۆست