زەمینت نایە کەشکۆڵ ئاسمانت گرتە سەر کۆڵت
بنازم هیممەتی مەجنوون بە خۆت و کۆڵ و کەشکۆڵت
لە هەر لایێ کە چۆلی بوو بە سایەی تۆوە مەعموورە
فیدات بم بۆ بە سایەکردنی مەعموورەیی چۆلت
بە منداڵی بە ڕاستە و چەپەدا کردووتە مەشقی عەشق
نەپرسی تا لە وەسڵا کامە ساغە و کامەیە سوڵت
نموونەی کفنی خوێناوی شەهیدی عەشقە ئەی فەرهاد
لە کۆسارا کە وەک لالە گوڵی عیبرەت دەکا خوڵت
بەجێ ماوە لە ئەرزی ئولفەتا ئاساری ڕەنگینت
کە بەردی قەیسەری شیرین دەری خست زەحمەتی قوڵت
بەسەر ئەهلی دڵا تێشەی موحیببەت دابەشی کردی
خەمیرەی قەلبی عوششاقە پڕیشکی خوێن و پڕ زۆڵت
خەیاڵی تێشەبازی و چۆل گەردی قەت نەکەی حەمدی
بە گەردی قەیس و فەرهادا کە ناگا دەست و پێی کۆڵت