ئاڵەکۆک

حەمدی add_a_photo
حەمدی غەزەل
٢١٦. یا موحەممەد ڕووڕەشی دەرگانەکەی تۆم تۆبە بێ
یا موحەممەد ڕووڕەشی دەرگانەکەی تۆم، تۆبە بێ
هەرچی هەم بێ شک سەگی ئاسانەکەی تۆم، تۆبە بێ
زەڕڕەیێ شوعلەی جەمالت کائیناتی کردە نوور
هەر وەکوو زەڕڕە منیش پەروانەکەی تۆم، تۆبە بێ
ئەنبیا هەر کەس بە ئوممەتیانەوە وەک من دەڵێن
ئینتیزاری هیممەتی مەردانەکەی تۆم، تۆبە بێ
ناسیخی جوملە کیتاب و جامعی جوملە کیتاب
کافریش بم عاشقی قورئانەکەی تۆم، تۆبە بێ
سەیری ئەعمالم دەکەم دایم فیغان و ناڵەمە
گەر موفەڕڕەح بم لەسەر پەیمانەکەی تۆم، تۆبە بێ
هەر بە ئانێ کاشفی سیڕڕی سەماوات و مەلەک
من وەک ئەفلاک و مەلەک حەیرانەکەی تۆم، تۆبە بێ
خاتیمەت کێشا بە فەرمانی هەموو پێغەمبەران
من وەکوو مەهدی لەسەر پەیمانەکەی تۆم، تۆبە بێ
جەژنی قوربانە قەسابیش حازرە خۆزگەم بە خۆم
خۆم و ئەولادم هەموو قوربانەکەی تۆم، تۆبە بێ
بێ کەس و حەیران و سەرگەردانە حەمدی وەک عەرەب
الأمان دەستی من و دامانەکەی تۆم، تۆبە بێ

پەراوێز edit