ئاڵەکۆک

حەمدی add_a_photo
حەمدی غەزەل
١٩٧. ئەگەر گوڵ بێت و شێوەی ڕوومەتی جانانە بنوێنێ
ئەگەر گوڵ بێت و شێوەی ڕوومەتی جانانە بنوێنێ
دڕک دەگرێ گریبانی سەراسەر یەخخە ئەدڕێنێ
ئەگەر مەستی نیگاهێ بێتە سەیری مەجلیسی عوشرەت
سەری ساقی و ملی مینا بە بەردی تەعنە دەشکێنێ
بە شەو زلفی لەسەر ڕوومەت کە لادا ڕۆژێ هەڵدێنێ
بە ڕۆژ بیخاتە سەر ڕوومەت بەسەر ڕۆژایە شەو دێنێ
قیساسم کەوتەسەر من قاتیلی عەشقم بە ڕیسوایی
حەیاتی عالەمی تێدایە خوێنم بێت و بڕژێنێ
بە مەیلی سەردەوە وەک ئاگرێ بەربوویە عومری من
دەخیلت بم ئەگەر وریا نەبی عالەم دەسووتێنێ
ئیلاهی شانە لەت لەت بێ سەری ئەو پەرچەمە خاوە
ئەمەندەت پێچ و تاب داوە خەریکە دڵ بخنکێنێ
قسەی شامی فیراقی خۆت بکە نەک باسی زلفی یار
خەیاڵێکی گوڵی ئاڵۆزە حەمدی ڕشتە ئەپسێنێ

پەراوێز edit