ئاڵەکۆک

حەمدی add_a_photo
حەمدی غەزەل
١٩٦. ئەگەر مەقسەد مووەققەت وەسڵە یارم دلبەری ناوێ
ئەگەر مەقسەد مووەققەت وەسڵە یارم دلبەری ناوێ
ئەگەر شاهی بە نامی بێ سەرم قەت ئەفسەری ناوێ
تەرازووی عەنبەرە زلفی جەواهێراتە دەفرۆشێ
بە کێشانی برۆ دیارە کە ئەم سەر ئەو سەری ناوێ
دڵ ئاوێنەی جەمالی تۆیە ژەنگی هیجرەتی هێنا
بە ئاوی وەسڵ ئەگەر بیشۆی ئیتر خاکستەری ناوێ
لە کۆڕی عاشقانا پەرچەمی هێنایە سەر کوڵمی
وتی عوودە لەسەر پشکۆ دەسووتێ مەجمەری ناوێ
وەرە بشکێنە ساقی ساغیر و هەڵبگرە شووشەی مەی
کەسێ مەستی نگاهت بێ شەرابی کەوسەری ناوێ
کە کەوتە جیلوە ئەو ماهە بە بەرگی تاقەوە زانیم
فەلەک هەڵنایەنێ مانگ و لیباسی ئەختەری ناوێ
بە نەوعێ ئابڕووی ئەرزی تکا تۆفانی لێهەڵسا
لەسەر کەشتی خەجاڵەت نەوعی غیرەت لەنگەری ناوێ
مەڵێ گوللەی عەدو چونکە خەتەرناکە خەتەر ناکا
پەس و پێشی نییە تیری مەلامەت سەنگەری ناوێ
لە ئەوجی میحنەتا تەبعم وەکوو تەییارە تەییارە
شەرارەی ئاهە بەنزینی ئیتر باڵ و پەڕی ناوێ
کەسێ هەڵسا بە جارێ بێ شکە هەنگامی کەوتنیە
کەشیش و جاف و سەرگەڵووی دوو ڕوویی پشدەری ناوێ
شەلی کەوتە گەلێ جێ ما قەلێ خێلێکی ڕووڕەش کرد
شەل و قەل خادیمی ئەفکاری ئەو بن مەسدەری ناوێ
قەڵەم بەم باسە حەیفە حەمدی ئالوودە دەکەی بەسیە
کە میللەت موشتەقی ئەفعالی بەد بێ مەسدەری ناوێ

پەراوێز edit