بێ قەدرە کەماڵی ئەوی نەیمابێ کەماڵی
بەم حاڵە مەحاڵە کە ببن حاڵی لە حاڵی
زانیوتە گەر ئەم دەردە بە دڵ دەردی نەداوە
عاجز مەبە ئەی غەم وەکوو کوڕ بێرەوە پاڵی
تەییارە کە غەوواسی دڵی بەحری هەوا بێ
بۆمبایە تەبیعی سەدەفی پڕ لە لوئالی
تا نەیکەمە تانە لەسەر ئەم دیدەمە خاڵی
هەر داغە لە دڵمایە مەڵێ خاڵی لەخاڵی
عەشقێکی چ شیرینی هەبوو حەزرەتی فەرهاد
ئاخر وەکوو من دایەوە مەجمووعی بەتاڵی
بۆ گوڵشەنی شادی دەفڕێ بولبولی تەبعم
مەعلووممە دنیا دەشکێنێ پەڕ و باڵی
دنیا کە بە تۆ تێکەڵە من تێکەڵی نابم
ئەو بێ شەرەفە قەت دەمەوێ سەروەت و ماڵی
وەک ئەسپی ئەجەل سەرکەشە ئیقبال و تەجەللی
وریا بە، بە قووەت بگرە دەستت بە یاڵی
بەم میحنەتە وا تێمەگە برژابێ برادەر
ئاڵ و گەشە خوێنی جگەرت دیارە کە کاڵی
سەر لەوحی مەزارم ئەمەیە خزمە بنووسن
حەمدی کە مەجالی نەبوو سووتا بە جەمالی