ئاڵەکۆک

حەمدی add_a_photo
حەمدی غەزەل
١٣٣. تەماشای بەرقی ڕوخسارت نەکەم حەقمە لەبەر چاوم
تەماشای بەرقی ڕوخسارت نەکەم حەقمە لەبەر چاوم
لەگەڵ فرمێسکما ڕۆحی ڕەوان ئەڕوا لەبەر چاوم
وەها پڕ ئاوی کردووە دیدەکانم شەوقی ڕوخسارت
کە مانگ و خۆر میسالی بەردی بن گۆمن لەبەر چاوم
شوکر یار ئیزنی داوە عەکسی نووری ڕوومەتی بگری
لەمەولا تا ببێتە مەتڵەعی شەمس و قەمەر چاوم
لە دەریایی نەزاکەتدا نموونەی گەوهەری نازە
بەری چاو ناگرێ چ بکا نەکا تەرکی نەزەر چاوم
بە پێی خۆی حەج ئەوا هاتۆتە بەر پێت گەر موسوڵمانی
دەچیتە کەعبە بێ شوبهە بە پێوە بێتە سەر چاوم
لە دەرگاهی نیگار بادی سەبا گەردی نەهێنابێ
کەوا ئەمشەو لە خۆشیانا خەریکە بێتە دەر چاوم
هونەرمەندانی موفلیس چەند کەرەمکارن لەگەڵ کوێری
شوکر بۆتە زیارەتگاهی موحتاجی بەسەر چاوم
مووەققەت تەم دەکا چاوێ کە سەیری پرتەوی خۆر کا
لە سەیری ڕووت موئەببەد حەقیەتی تەم کا ئەگەر چاوم
لەبەر مەستی نیگاهت کەوت لە دیدەی حەمدی یا سەوز بوو
خودا ئەم نەخلی نازە نەبڕی بەڵکوو بێتە بەر چاوم

پەراوێز edit