جگەر خوێنینی لێوی ئاڵ و دڵ زوخاڵی زوخاڵم
دەمێ پشکۆم وەکوو یاقووت و وەختێ عود و زوخاڵم
وەکوو ئەکسیری ئەحمەر پێی خەناوی گەر بە سەرمانێ
مسی قاڵی موحیببەتم و دەچێتە لیرە میسقالم
بە کەڵکی مردنیش نایێ ئەوی بەدحاڵە حاڵداریش
بە دەردی من دەچێ کافر بە جەستەم چەندە بێ حاڵم
قسەی حەق قەت مەکە یەعنی قسەی ناحەق لە دنیادا
لە عەینی ئیستراحەتدام لە وەختێکی کەڕ و لاڵم
سەر و سامانی پەرچەم قەت بووە بدرێتە دەس شانە
بە دڵ ڕێشی قەدیممدا منیش واچوو سەر و ماڵم
بنازم بارشی فەیزت بمینێ هەوری غەم بۆ من
بەسەر دەریایی فرمێسکا دەگێڕم ئێستە بەرماڵم
عەرەق ڕێژی خەجاڵەتم و ئەشک ڕێژی پەشیمانی
کە بوومە بەحری ڕەحمەت جا دەشۆم ئەوراقی ئەعمالم
بە بادی سەڕسەڕی سەردی ئەوت من ناشکێم ئەمما
برا پشتی شکاندووم بێکەسی بەستوویەتی باڵم
لە هاوعومری مەی و گوڵدایە ڕوو سووری و فرەح یاران
وەکوو نەی جا دەناڵێنم لە پەنجا تێپەڕی ساڵم
شوکر لەم دەورەدا مەزڵوومە زاڵم بەسمە من حەمدی
نەما مەزڵووم و نۆبەی خۆیە زوڵمی لێ بکا زاڵم