ئاڵەکۆک

حەمدی add_a_photo
حەمدی غەزەل
١٢٨. بە توڕڕەی پەرچەمی شۆخێ دووچارم
بە توڕڕەی پەرچەمی شۆخێ دووچارم
ئەڵێی ڕووسم ئەسیری دەستی چارم
مەڵێ پەروانە شەوقی عەشقی زۆرە
منیش سووتاوی شەمعی کوڵمی یارم
خەتای مەنسوورە ئەم ئیرسەی بەجێ هێشت
لەسەر حەق وا منیش سەرداری دارم
لە دووی ئاوازەیی مەجنوونی مەستە
کە ڕووم کردۆتە چۆل و پشت لە شارم
خەلیلوڵڵا ئەڵێن خۆی خستە ئاگر
منیش کەوتوومەتە هیجری نیگارم
من و نینۆک و فەرهاد و قوڵنگە
ئەو و کێو و من و سەرسەختە کارم
ئەمانە نامدارانن لە عەشقا
بە تەنها من ئەمەندە نامدارم
لە چاوی مەست و مەخموورت بترسە
هەمیشە مەیکەش و دایم خومارم
تەلی عوودی سەری زلفت بە قانوون
منی کێشایە لای ئوستادی تارم
خەتام کرد باسی زلفم کەوتە سەر دەم
مەحاڵە خاتیمەی ئەوسافی یارم
مەڵێ غەمبارەکەم سەرشانی ڕێشە
هەتا مەیلت ببێ بۆ غەم لە بارم
فیراقت ئاگری گرت تێگەیشتم
گوڵی نوخشەی خەزانە بۆ بەهارم
کە پرسی حاڵی چاوی حەمدی جانان
بڵێن بۆ ئەو خەریکی چاوەزارم

پەراوێز edit