ئاڵەکۆک

حەمدی add_a_photo
حەمدی غەزەل
١٢٥. نابەجایی کەس نەدی حەتتا لە حەیوانی ئەسیل
نابەجایی کەس نەدی حەتتا لە حەیوانی ئەسیل
هەر بە نائەسڵی بزانن زاڵمی ئەحمەق دەخیل
سەگ بە سائیل هەر وەڕینێکی هەیە ئەمما ڕەقیب
ناوەڕێ تا نەمگرێ موعتادییە کەلبی بەخیل
من لە خۆشی ئەو دەمە نەقسوددەمم وا پێگەیی
قوڕ بەسەر لالە کە داغی چۆتە دڵ ئەمرێ بە سیل
من بە زیکری ڕوومەتی ئەو شۆخە ڕۆژم کردەوە
سۆفی ڕووی ڕەش بێ لە شەودا نەیبووە زیکری جەمیل
بەو ئیشارەی ئەبرووانە وا لەتی کرد جەرگ و دڵ
قەت وەهای ناکا بە دوو لەت خەنجەر و شیری مچیل
هەر لەکن پیری موغانە عەرز و حاڵی مەیکەشان
ئەو جەوان مەردانە دەگرن حورمەتی پیری زەلیل
ئەم فیراقەم بۆ بووەتە باعیسی شادی ڕەقیب
ئاگری نەمروود دەبێتە گوڵشەنی خاسی خەلیل
بۆ کەناری سەومیعەم مورشید دەبا وا تێدەگا
پیری عەشقم بۆ دەری بتخانە نابێتە دەلیل
گیانەڵاوە بۆ ئەم گلاراوەی کە کەوتە ڕۆحەوە
سا وەرە بیبە ئەمیش هەر وەک دڵت بردم بە دیل
بۆ چی حەمدی وا بە سووکی سەیری ئەهلی دڵ دەکا
بۆ بە گوێیا نەچوە مێشوولە کەچی کردوە بە فیل

پەراوێز edit