ئاڵەکۆک

حەمدی add_a_photo
حەمدی قەسیدە
١٣. شوعلەیی ڕۆژی فیراقە ئاگری برژانی دڵ
شوعلەیی ڕۆژی فیراقە ئاگری برژانی دڵ
هەر نەسیبی دوژمنم بێ قرچەیی بریانی دڵ
دڵ شکاوم فرسەتە قابیز بکێشە ئێستە ڕۆح
فەرقی پێ ناکەم ئەگەر بمرم لە هەوڵی ژانی دڵ
ناوی عەشق ئەرز و سەمای هێناوەتە لەرز و سەما
بۆتە جارووکەش کەچی بۆ کولبەیی وێرانی دڵ
ڕۆحی خاقان و گوڵی فەغفوور و مەغزی قەیسەرە
ئەم خەمیرە بۆیە غەڕڕایە نەشئەی فنجانی دڵ
چاوی لەبڕێزی سرشکی شادییە ساغیرکەشی
قەهقەهەی مینا نەخاتە بەر کوڵی گریانی دڵ
هەر ئومێدێکی چرۆیێ داغی هەریەک غونچەیێ
مەحبەسی ئەربابی مەعنا باغە وەک زیندانی دڵ
میسلی نەی شێرانی دڵ هەر یەک نەوایێ لێ ئەدەن
وەک جلووسی ساڵی تازەی کردبێ سوڵتانی دڵ
ئەمری سوڵتانان هەموو تەکلیف و قەید و زەحمەتە
تووڕەیی ئازادی و ختوونی شادییە فەرمانی دڵ
دەرکی بێ چاو، حیسسی بێ دەست، سەیری بێ پێکەی ئەکا
ئافەرم بۆ دیدەن و بۆ حیسس و بۆ سەیرانی دڵ
ڕۆحی بێ ئیدراک و وێڵ و هەرزەگەردم بۆ چییە
ساحبی تەمکین و دەرکە دەیکەمە قوربانی دڵ
ڕۆح بە هاتووچۆیی ئەو وەک توتیی چۆتە قەفەس
بۆ فڕین ئامادەیی وەستاوە تا وەستانی دڵ
سەیری کەن پووش و پەڵاشی ڕوویی لافاوی بەهار
عاشقی تەمسیل ئەکا کەوتۆتە بەر جەریانی دڵ
سووڕەتی هەرچی کە چاوم دیویەتی گرتوویەتی
ڕۆژ دەڵێی زیزانەیە کەوتۆتە سەر خەرمانی دڵ
میحوەری ڕۆحە و ڕەئیسی هەیئەتی بەزمی وجوود
با وجوودا عەرشی ڕەحمانە ئەڵێن عینوانی دڵ
عەشقە، شۆرە، سەوزە، سوورە، شینە، عەیشە، شادییە
فیتنەها گرتوویەتی لەم سەفحەدا دامانی دڵ
ئەو زەمانە بۆ هەموو دەردێ دەوایان دادەنا
ئەهلی حیکمەت دەردیان داناوە بۆ دەرمانی دڵ
حەمدی ڕەنگە دڵ پەری بێ دەست لە کاری قەت مەدە
گرتنی شێتی دەبەخشێ هارییە بەردانی دڵ

پەراوێز edit