ئاڵەکۆک

حەمدی add_a_photo
حەمدی قەسیدە
١٤. چۆن زمانی خامە نەشکێ نەپچڕێ ڕشتەی خەیاڵ
چۆن زمانی خامە نەشکێ نەپچڕێ ڕشتەی خەیاڵ
کاسەیی پڕ مێشکی کەللە بۆ نەبێ یەکسەر بەتاڵ
حامیی قەومی زەعیف و عامیلی عەدل و ئەمان
وا لە کوێ چۆنی بنووسم چۆن بنێرم عەرز و حاڵ
چۆن لەژێر ئەم سێبەری گەردوونی دوونە دەرنەچم
خەسمی مادەرزادی قەومم ساحبی عەزمە و کەماڵ
چۆن لە ساحێب قودرەتی نەوعی بەشەر تەعنە نەدەم
بۆ لە بەختی ئێمەدا ئەمڕۆ هەموویان کەڕن و لاڵ
بۆ بەژێر بەحرا دەڕۆن و ئاسمانان کەشف دەکەن
بۆ چی ناکەن کەشفی دەردی کوردی بێ چارەی شیمال
سەیری ناکەن وەک نیگاری لەوحی تەئریخی بەشەر
نەقشی کوڕڕەی ئەرز ئەکا وەک بەحری ئەحمەر خوێنی ئاڵ
کێ لە قانوونی بەشەردا دیویەتی ڕاستی بڵێ
بێ قەباحەت خوێنی ئەم کوردە لە کوللی کەس حەڵاڵ
بۆ بە دارا بکرێ پیاوی تێگەیشتووی قەومی کورد
بۆ بنێژرێ نەوجەوانی پێگەیشتووی وەک نیهال
لەحزەیێ نەبڕا لە بەدخواهانی ئەم قەومە فەرەح
خێر خواهیش نەبوو ئانێ وا بەبێ حوزن و مەلال
درزی ئەرزێ هەر نییە ئێسکێکی کوردی تیا نەبێ
سەگ نییە نەیخواردبێ گۆشتی ژنێکی یا مناڵ
وا بە خوێناوی سرشک و خامەیی خامی موژەم
ئەم عەریزەم نووسی نامەرد بۆم بەرە بادی شەماڵ
بیبەرە مێشکی هەموو ئەفرادی قەومی کوردەوە
تا لە قوڕ نیشن لە ڕۆژی ماتەما ئال و عەیال
ڕۆژی تەئریخی لە بیست و چواری مارتا واقیعە
ڕۆژی ماتەم ڕۆژی قوڕپێوانی کوردە کوللی ساڵ
قەت برا نابێ گلە لەم قەومی خۆتانە بکەن
دەردەدارن بۆیە ناگەن بۆ ڕەفیقانیان بە باڵ
دەست لە شەرحی دەردی کورد هەڵبگرە حەمدی چاترە
نەک بکا نەقلت هەتا ڕۆژی حەشر جەڕی مەقال

پەراوێز edit