سەر لە جێگەی پێ دەنێ کوللی سەحەر مەستانە ڕۆژ
بۆ زیارەت دێتە کەعبە ئەو دڵە ئەو جانە ڕۆژ
کەعبە چی کاشانەیێکە سەر لە پایەی عەرش ئەدا
حەیفە بیکەی گەر بە نیمەی خشتی ئەو ئەیوانە ڕۆژ
ئەو شەوی میعراجە فەخری ئەنبیا دەعوەت کرا
تاقە نانێ بوو خرایە سەر دەمی ئەو خوانە ڕۆژ
شانی ڕاگرت ئەو دڵ و جانە کە پێی نایە سەری
دەستیکەوت ئەم شەوکەتە ئەم عیززەتە ئەم شانە ڕۆژ
دووپەلی ناڵی بوراقی ئەو شەوە لێکەوتبوو
من دەڵێم مانگە یەکێکیان و ئەوی تریانە ڕۆژ
ئەو شەوە ئەو ئیحتیرامە تا حەشر نابێتەوە
گەر دەگیرێ بیکەنە قوربانی ئەم قوربانە ڕۆژ
ئەو شەوە فەرقی لەگەڵ ڕۆژا دەزانی چەندەیە
هەر وەهای دانێ کە چۆڕێ شیرە شەو قەترانە ڕۆژ
وەختی خاسی وەسڵی مەحبووبی جەنابی کیبریا
هەر شەوێ بێ بۆی دەبێتە عاشق و دێوانە ڕۆژ
ئەم حیسابە حەمدی قووڵە قەت سەری لێ دەردەکەی
عەقڵی پێ نەشکاوە هێشتا بەم هەموو عینوانە ڕۆژ